وەزارەتی دارایی دەستپێکردنی رێکارەکانی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی راگەیاند
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی راسپارد بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران، کە بۆ زیاتر لە 10 ساڵە راگیرابوو.
بەپێی نوسراوێکی فەرمی کە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و لە رێککەوتی 12ی ئابی 2026 دەرچووە، داوا لە سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ هەموارکردن و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران لە پلە 10 تاوەکو پلە 1.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم هەنگاوە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج لێی جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمە لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیدا، وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە دەبێت تەواوی وەزارەتەکان تاوەکو رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2026، کارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بەم بابەتە تەواو بکەن.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، ئەو فەرمانبەرانەی کە لە رێککەوتی 1ی کانوونی دووەمی 2016وە شایستەی بەرزکردنەوەی پلە بوون و بەهۆی بارودۆخی داراییەوە بۆیان رانەگیرابوو، ئێستا رێکارەکان دەیانگرێتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم پرۆسەیە لەژێر رۆشنایی یاسای مووچەی فەرمانبەران و کەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008دا جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هۆشداری داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەر دواکەوتنێک لە تەواوکردنی ئەم رێکارانەدا، بەرپرسیارێتی یاسایی و کارگێڕی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی کە کەمتەرخەم دەبن، چونکە ئەمە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەبێت.
PM:02:26:13/08/2026
ئهم بابهته 452
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت