وەزیری سامانە سروشتییەکان وەڵامی بەغدا دەداتەوە: پشکی هەرێم لە نەوتی ناوخۆ دەبێت 2 بەرامبەر بکرێت


وێستگەنیوز ـ

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق دایەوە و ڕایگەیاند، پشکی ڕاستەقینەی هەرێم لە نەوتی ناوخۆ زۆر زیاترە لەوەی ئێستا هەیە و ئامادەی دانوستانیشن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو.


کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بە لێدوانێکی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق کردووە کە تیایدا وتبووی ئامادەن بەنزین بۆ هەرێم دابین بکەن ئەگەر 50,000 بەرمیل نەوتی ناوخۆ ڕادەست بکرێت، لە بەرامبەردا کەمال محەممەد دەڵێت: بە هەموو پێوەرەکان بەشی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دوو بەرامبەری ئەم بڕەی ئێستایە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، دیاریکردنی 50,000 بەرمیل بۆ ناوخۆی هەرێم، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواستی هەرێم نەبووە.

کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادە بێت گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بکات، ئەوا ئامادەین بۆ دانوستان.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزیری سامانە سروشتییەکان ستایشی هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داکۆکییان لە زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ کردووە.


PM:10:57:12/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت