پێکهاتە ئاینییەکانی سلێمانی: بەکارهێنانی ناوی ئاین بۆ هاندانی کوشتن زیانێکی گەورەیە و پێویستە یاسا سەروەر بێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026، نوێنەر و پێکهاتە ئاینییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشاندا کە تێیدا هەڕەشە و هاندان بۆ کوشتن و توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی ئێزیدی دەکرێت.
پێکهاتە ئاینییەکان کە پێکهاتوون لە (موسڵمانانی سوننە و شیعە، مەسیحییەکان، کاکەییەکان و بارەگای یارسان، زەردەشتییەکان، سابئی مەنداییەکان و ئێزیدییەکان)، بە توندی هەر جۆرە هەڕەشە، رق و کینە و جیاکارییەکیان مەحکوم کرد کە ئاسایش و پێکەوەژیانی کۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە، جەختیشیان کردەوە کە ئایینەکان بانگەشەی مرۆڤایەتی و ریزگرتن لە ژیان دەکەن، نەک کوشتن و توندوتیژی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سلێمانی و کوردستان بە درێژایی مێژوو شوێنی ژیانی پێکهاتە جیاوازەکان بووە، جیاوازییەکانیشمان سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزبوونی کۆمەڵگەمانن، هیچ دەنگێکی توندڕەو نابێت بتوانێت ئەو متمانە و پەیوەندییە مێژووییە تێکبدات".
پێکهاتە ئاینییەکان داوا لە حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق و بەتایبەتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەکان دەکەن بە جدییەوە لەگەڵ ئەم جۆرە هەڕەشانە مامەڵە بکەن، داواشیان کردووە هەر کەسێک بە ئاشکرا هاندان بۆ کوشتن و توندوتیژی دەکات، بەپێی یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
هاوکات داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە دژی ئەم جۆرە رەفتارانە بوەستنەوە، لە کۆتاییشدا بانگەشەیان بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کرد و داوایان لە هاووڵاتیان کرد لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و پەیامە توندوتیژەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان بەدوور بگرن، چونکە زیان بە ئارامی و ئاسایشی گشتی دەگەیەنێت.
ئەم راگەیەندراوە لەکاتێکدایە، کە ڤیدیۆی مەلایەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی رامین ساڵح زادە بڵاوبووەتەوە وتار دەدات، لەوتارەکەیدا بێڕێزی بە کوردانی ئێزدی دەکات و هەڕەشەی لەنێوبردنیان دەکات.
PM:01:37:11/08/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت