دکتۆر حەسەن موفتی: گرانکردنی سووتەمەنی حەرامە


وێستگەنیوز-

پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە بارودۆخی بازاڕ و گرانی نرخی سووتەمەنی، رایگەیاند کە هەر جۆرە قۆرخکاری و گرانکردنی بێ پاساوی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان، بەتایبەت سووتەمەنی، کارێکی حەرام و بێ ویژدانییە.


دکتۆر حەسەن موفتی ئاماژەی بەوە کرد، فرۆشتنی کاڵاکان لەسەرووی نرخی ئاسایی لە کاتێکدا خەڵک پێویستیان پێیەتی، کارێکی نادروستە، داوای لە بازرگانان کرد وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی، لە رۆژانی سەختدا هاوکاری هاونیشتمانیانیان بن و باری سەرشانی هەژاران گرانتر نەکەن، نەک نەبوونی چاودێری پەرلەمانی و حکومی بە هەل بزانن بۆ پڕکردنی گیرفانیان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا روونیکردەوە، هەرچەندە لە باری ئاساییدا و بەپێی مەزهەبی شافیعی نرخ بۆ کاڵا دیاری ناکرێت، بەڵام لە کاتی گرانیدا و کاتێک بازرگانان سوودی خراپ لە بێ رەقابەیی دەبینن، دروستە بەپێی رای مەزهەبی حەنەفی، نرخەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاری بکرێن، وتیشی: "ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن نرخ بۆ سووتەمەنی و کاڵا پێویستەکان دابنێن، چونکە ئێستا ویژدانی هەندێک بازرگان لاواز بووە و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانیش بێ هەڵوێستن".

لەبارەی رێگریکردن لە هاوردەکردنی سووتەمەنی، دکتۆر حەسەن موفتی بە توندی هۆشداری دا و رایگەیاند: "هەر رێگرییەک لەلایەن حکومەت، حزب یان کۆمپانیایەکەوە بکرێت بۆ نەهێشتنی هاوردەکردنی سووتەمەنی باش بۆ هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە حەرامە و خیانەتێکی گەورەیە لە ئیسلام و لە خەڵکی هەژاری کوردستان".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا جەختی کردەوە کە ئەرکی حکومەتە ئاسانکاری بکات بۆ دابەزاندنی نرخەکان و ئەرکی مامۆستایانی ئایینیشە هانی دەسەڵاتدار و بازرگانان بدەن بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە ستەم و گەندەڵی.


PM:05:53:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت