بڕیارێکی نوێ لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەرچوو


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە 300ی تایبەت بە رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد، کە تێیدا چەند رێکار و مەرجێکی نوێ بۆ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتە دیاریکراوە.


بەپێی بڕیارەکە، دەسەڵات دراوەتە وەزیرەکان و سەرۆکی دەستەکان بۆ رەزامەندیدان لەسەر مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران، بەو مەرجەی ماوەی مۆڵەتەکە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت. هاوکات لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەو ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتدا دەبێت، بۆ هیچ مەبەستێکی پەیوەست بە خزمەتی وەزیفی و کاروباری خانەنشینی هەژمار ناکرێت.

هەر بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، کارکردن بە بڕیاری پێشووی ساڵی 2015 تایبەت بە مۆڵەتی بێ مووچە بە تەواوی راگیرا. سەبارەت بەو فەرمانبەرانەشی کە پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتیان وەرگرتووە، تا کۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتەکەیان بەردەوام دەبن، بەڵام دوای تەواوبوونی، مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێکارە نوێیانە، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی راژە راسپێردران بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست. بڕیارەکە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


PM:01:59:06/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت