وەزیری پەروەردە: کۆتایی بە پرۆگرامە "کلاسیکییەکان"ی خوێندن دەهێندرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ریفۆرمی خوێندنی پیشەیی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە یەکێکە لە پرۆژە هەرە ستراتیژییەکانی وەزارەت بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا.
وەزیری پەروەردە بە راشکاوی رەخنەی لە سیستمی ئێستای خوێندنی پیشەیی گرت و رایگەیاند، کارکردن لەم بەشەدا بە شێوازێکی زۆر کلاسیکی بووە، بە جۆرێک لە هەندێک لە ئامادەییە پیشەییەکاندا تائێستاش پرۆگرامی ساڵانی 1970 و 1980 دەخوێندرێت. وتیشی: "ئەمە خاڵێکی سلبییە و پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە، چونکە خوێندنی پیشەیی هیچ لە خوێندنی ئەکادیمی کەمتر نییە".
سەبارەت بە هەنگاوەکانی ریفۆرمەکە، ئالان حەمە سەعید ئاشکرای کرد کە 3 ساڵ پێش ئێستا پەیمانگەی پیشەیییان لە هەولێر بە سیستەمی ئینگلیزی کردەوە و دوای سەرکەوتنی پرۆژەکە، لە ئێستادا هەمان سیستم لە سلێمانی و کفری جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری پەروەردە وردەکاری پلانی نوێی وەزارەتەکەی بۆ قۆناغی ئامادەیی خستەڕوو و وتی: "ریفۆرمەکە تەنها لە پەیمانگەکان ناوەستێت، بەڵکو قۆناغی ئامادەییش دەگرێتەوە. خوێندکاران لە پۆلی 10 کە دەچنە خوێندنی پیشەیی، ساڵی یەکەم دەبێتە ساڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی (Foundation)، لە ساڵانی دووەم و سێیەمیشدا خوێندن بە سیستەمی دووانە و بە زمانی ئینگلیزی دەبێت".
ئەم پرۆژە نوێیەی وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری چەند لایەنێکی وەک (سی ئای ئێس، فام، کۆکار و ماد) گەشەی پێدراوە و سێ ئامانجی سەرەکی دەپێکێت:
1- ریفۆرم لە شێوازی گۆڕینی خوێندنی ئامادەیی پیشەیی.
2- ریفۆرمی گشتگیر و بنەڕەتی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا.
3- گونجاندنی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار.
AM:11:42:06/08/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت