قەتەر: هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوامن


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بەردەوامە بە مەبەستی هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، ماجد بن محەمەد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان بەردەوامە بە مەبەستی هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.

جەختی کردەوە لەوەی لە ئێستادا لە پێشینەی کارەکانیان بریتییە لە ڕاگرتنی گرژییەکان، دڵنیابوونەوە لە کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوە بۆ بژاردەی دیپلۆماسی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە، بەڵام تەواوی ئامانجەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.

سەبارەت بە دۆخی کەرتی غەززە، ئەنساری دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئیسرائیل پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقەکردندا.

ئاشکراشی کرد، ناوەندگیرەکان کار دەکەن بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگ، و جەختیشی کردەوە کە جێگیربوونی ڕاگرتنی تەقەکردن و ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی گونجاو، لەگەڵ ڕەچاوکردنی لایەنە ئەمنییەکان، مەرجی سەرەکین بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنی غەززە.



PM:03:09:04/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت