بەهۆی گەرووی هورمزەوە سۆمۆ داشکاندنی بێپێشینە بۆ نرخی نەوتی بەسرە ڕادەگەیەنێت


وێستگەنیوز ـ

کۆمپانیای سۆمۆ بڕیاریدا داشکاندنێکی گەورە لە نرخی نەوتی خاوی بەسرەدا بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی کڕیاران تا لە کاتی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمزدا، بەردەوام بن لە گواستنەوەی نەوتی عێراق.


ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق- سۆمۆ بۆ بارەکانی مانگی ئاب، نرخەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکان، سۆمۆ بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی بەسرەی مامناوەند داشکاندنی 25 بۆ 27 دۆلاری پێشکەش کردووە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، داشکاندنەکە بۆ نەوتی خاوی بەسرەی قورس زیاترە و گەیشتووەتە 27.80 بۆ 29.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە ناوچەی گەرووی هورمز و نزیک کەناراوەکانی عومان، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت تووشی دڵەڕاوکێ بوون.

عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم نرخە کەمانەوە هانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "پێترۆچاینا" بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بارکردنی نەوت لە تێرمیناڵەکانی بەسرەوە و گەیاندنی بە کڕیاران لە چین و وڵاتانی دیکە، چونکە هەر پەککەوتنێکی هەناردە لە گەرووی هورمزدا زیانی گەورە بە داهاتی عێراق دەگەیەنێت.


AM:11:17:04/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو