مەسعود بارزانی و عەلی باپیر لە پیرمام کۆبوونەوە


وێستگەنیوز ـ

میدیای کۆمەڵی دادگەری بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانی و عەلی باپیر لە پیرمام کۆبوونەوە و دۆخی بژێویی خەڵک و مووچەیان تاوتوێ کرد، هەروەها جەختیان لە پێویستیی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە.

ئەمرۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، میدیای فەرمی کۆمەڵی دادگەری بڵاوکردەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە پیرمام بەڕێوەچوو، هەردوولا تیشکیان خستە سەر ئەو قەیرانە داراییانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، بەتایبەت پرسی دواکەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و سەختیی بژێویی خەڵک، کە هەردوولا ڕەهەند و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دۆخەیان لەسەر ڕەوشی گشتیی هەرێم باس کرد.

بەپێی بڵاوکراوەکە، بەشێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە تێیدا جەخت لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە گرەنتیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، بارزانی و عەلی باپیر باسیان لە گرنگیی پاراستنی هەرێمی کوردستان کرد لە لێکەوتەکانی ململانێ و جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئەوەی هەرێم لە ئاڵۆزییەکان بەدوور بێت.

لە کۆتاییدا، شاندی پارتی و کۆمەڵ جەختیان لە گرنگیی سازانی ناوخۆیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هاوکات پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو لایەن دووپاتکرایەوە.



PM:12:33:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو