مەسعود بارزانی: تاوانی داعش دژ بە ئێزدییەکان بەهۆی کوردبوونیان بوو و دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە
وێستگەنیوز-
لە 12هەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکاندا، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کارەسات و تاوانە گەورەیەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دا، بەهۆی کوردبوون و رەسەنایەتی بیروباوەڕی ئایینی پێکهاتەی ئێزدی بوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە تەنها تاوانێکی دابڕاو نییە، بەڵکو درێژەپێدەری ئەو زنجیرە کارەساتانەیە کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا سڵاوی بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە نارد کە لەسەر چیای شەنگال مانەوە و توانییان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن. هەروەها سوپاسی گەلی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەو پشتیوانی و هاوکارییەی پێشکەشی ئێزدییەکانیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بارزانی داوای لە ئێزدییەکان کرد کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن لەپێناو مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر. جەختیشی لەوە کردەوە کە بە هەموو توانایەک پشتیوانی لە خواست و داواکارییەکانیان دەکات.
مەسعود بارزانی ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "ئەو دۆخە نائاساییەی لە شەنگال هەیە نابێت بەردەوام بێت." وتیشی، پێویستە رێگە خۆش بکرێت بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبوو بکرێنەوە.
AM:11:33:03/08/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت