مەسرور بارزانی: تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکانمان لە یاد نەکردووە و پێویستە دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر کارەساتی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکان و رایگەیاند، ئەو تاوانە گەورەیەی بەرانبەر بەو پێکهاتەیە ئەنجامدرا هەرگیز لە یاد ناکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێزدییەکان تەنها بەهۆی کوردبوون و ئایینەکەیانەوە رووبەڕووی ئەو جینۆسایدە بوونەتەوە.


سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، مەسعود بارزانی پێشتر بەڵێنی دابوو کە تۆڵەی ئێزدییەکان لە تیرۆریستانی داعش بکاتەوە، دواتریش بە ئازادکردنی شەنگال بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر. وتیشی: "تاوەکو ئێستا توانراوە 3500 کەس لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بکرێن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد کە کار بکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، هاوکات سوپاسی خەڵکی دهۆک و دەڤەری بادینانی کرد کە لە ساتە سەختەکاندا دەرگایان بۆ ئاوارە ئێزدییەکان کردەوە و هاوکارییان کردن.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی رێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر بگرن و پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکەن.


AM:11:27:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو