بەرگری شارستانی هەولێر: گڕگرتنی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان سیناریۆن


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر هۆشداری دەدات لە دیاردەیەکی فێڵکردن و ڕایدەگەیاند، بەشێک لە ڕووداوەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە شارەکە سیناریۆن و خاوەنەکانیان بە ئەنقەست دەیسووتێنن بۆ ئەوەی پارەیان بۆ کۆبکرێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماری نوێی ڕووداوەکانی سووتانی ئۆتۆمبێلی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا 23 ڕووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران 87 ڕوداوی هاوشێوە ڕوویانداوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک حاڵەتدا ئۆتۆمبێلی کۆن یان بێسەرەتا بە دەستی ئەنقەست لە شوێنێکی گشتیدا دەسووتێنرێن، پاشان ستافێک بە ناوی ئەوەی خاوەنەکەی کەسێکی زیانلێکەوتوو و لێقەوماوە، دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی پارە بۆی، لە کاتێکدا تەواوی ڕووداوەکە سیناریۆیەکی دروستکراوە.

شاخەوان سەعید جەختی لەوە کردەوە، لەمەودوا بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە، هەر ڕووداوێکی سووتان کە گومانی تێدا بێت لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لەم بابەتە ئاگادار دەکرێنەوە و هەرکەسێک تێوەگلابێت ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، بەرگریی شارستانی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ئەگەری هەبوونی هەر گومانێک لە ڕووداوێکی لەو شێوەیە، دەستبەجێ پۆلیس ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو جۆرە فێڵانە و سەرپێچییە یاساییانە بگیرێت.


PM:12:15:02/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو