چاوان سۆران هاوسەری د.عەبدولـلەتیف: داوای لێبوردن لە دکتۆری هاوسەرم دەکەم
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026، چاوان سۆران هاوسەری د.عەبدولـلەتیف سەلەفی ، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کردنەوەی دوکانێکی فرۆشتنی عەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە کارەکەی بە رەزامەندی هاوسەرەکەی بووە بەڵام بە چەند مەرجێکی وەک "دانەنیشتنی خۆی لە دوکانەکە، فرۆشتنی تەنها جلی شەرعی و رێگریکردن لە هاتنی پیاوان بۆ ناو دوکانەکە.
چاوان سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتی کردنەوەی دوکانەکەدا بەهۆی ئامادەبوونی "لەناکاوی" هەندێک راگەیاندکار، کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، جەختیش دەکاتەوە کە مەبەستی لەو چاوپێکەوتنانە ریکلام نەبووە، بەڵکو بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو دەنگۆیانە بووە کە گوایە کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەیە و "تۆراوە".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "هەندێک سەرپێچی وەک نمایشی عەبای نەخشێنراو و تێکەڵاوبوون رووی دا کە لە بەرنامەدا نەبووە و بەهۆی هاتنی راگەیاندکارانەوە بووە بێ ئەوەی بانگێشت کرابن"، هەروەها دەڵێت، کە ئەو جلانەی تێبینییان لەسەر بووە بۆ ناو کۆڕی ئافرەتان بووە نەک پیاوان.
هاوسەری د.عەبدولـلەتیف سەلەفی دان بەوەدا دەنێت کە ئەو رووداوانە پێچەوانەی مەرجەکانی هاوسەرەکەی بووە، بۆیە دەڵێت: "داوای لێبوردن لە هاوسەری بەڕێزم و قوتابیانی دەکەم، چونکە دکتۆر ئاگاداری ئەو رووداوانە نەبووە و پێی رازی نەبووە..
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا، چاوان سۆران پەیمانی داوە کە ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە و بە تەواوی پابەندی رێنماییە شەرعییەکان و مەرجەکانی هاوسەرەکەی بێت.
PM:06:00:01/08/2026
ئهم بابهته 1100
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت