بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە لەکەلار کەسێک کوژرا


وێستگەنیوز-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەزای کەلار، بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە لەناو بازاڕی شارەکە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.


رەفیق قادر، بەرێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار رایگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا لەناو بازاڕی کەلار (فولکەی بازاڕ) دەستڕێژی گوللە لە کەسێک کرا بە ناوی سەڵاح محەمەد، کە لەدایکبووی 1975ە و پیشەی وەستای گەچکار بووە، بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان رووداودا کەسێکی دیکە بە فیشەک بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، لە ئێستادا لەژێر چاودێری و چارەسەری وردی پزیشکیدایە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقەکردنەکە لە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە بووە و پاش رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکی رووداوەکە و ناسنامەی تەقەکەرەکان بە فەرمی رانەگەیەندراوە.


PM:05:03:01/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت