بنەماڵەی ئەو کاسبکارەی سووتێندرا؛ ئەگەر یاسا سزایان نەدات، خۆمان تۆڵە دەکەینەوە


وێستگەنیوز ـ

بنەماڵەی سدیق باجەلانی، ئەو کاسبکارەی دوای ڕفاندنی بە شێوازێکی دڕندە کوژرا و تەرمەکەی سووتێندرا، پەیامێک ئاراستەی لایەنە ئەمنییەکان و ڕای گشتی دەکەن و ڕایدەگەیەنن، دەبێت قورسترین سزا بەسەر بکوژاندا جێبەجێ بکرێت، بە پێچەوانەوە خۆمان تۆڵە دەکەینەوە.


خانەوادە و بنەماڵەی کاسبکار سدیق عەبدولڕەحمان باجەلانی، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوای ڕفاندنی، بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا و تەرمەکەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سووتێندرا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

تێیدا جەخت دەکەنەوە کە کوڕەکەیان تەنها لەپێناو بڕێک پارەدا کراوەتە ئامانج و بووەتە قوربانی تاوانێکی جەرگبڕ.

بنەماڵەی قوربانییەکە لە بەیاننامەکەدا سوپاسی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدەنە دەسەڵاتی دادوەری و دەڵێن: پێویستە یاسا و بنەماکانی شەریعەت بەسەر بکوژاندا جێبەجێ بکرێت و بە هەمان شێوازی دڕندانە سزا بدرێنەوە، ئەگەر حکومەت و دادگا ئەوەمان بۆ نەکەن، خۆمان هەڵدەستین بە تۆڵەکردنەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، بنەماڵەی باجەلانی ڕوو لە بنەماڵە و خزمانی بکوژەکان دەکەن و دەڵێن، "بە هیچ شێوەیەک قبوڵی دەستتێوەردان، سوڵحی عەشایەری یان هەوڵدان بۆ دەربازکردنی تاوانباران لە یاسا ناکەین، هەر کەسێک بیەوێت نزیکی ئەم کەیسە ببێتەوە، بە هەمان شێوەی بکوژەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.

سدیق عەبدولڕەحمان باجەلانی، دانیشتووی قەزای حاجیاوا بووە، بەپێی زانیارییەکان تەنها لەبەر دزینی پارەکەی ڕفێندراوە و لە سنووری چیای ماکۆک کوژراوە، تاوانباران بۆ ونکردنی شوێنپێی تاوانەکەیان، تەرمەکەیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سووتاندبوو.


PM:04:37:01/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت