ئەمبەرین زەمان: ئەمریکا لە هەولێر کشاوەتەوە و پاتریۆتەکانی بردووە؛ تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی لێرە بوو
وێستگەنیوز ـ
ئەمبەرین زەمان، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر جەخت لە ڕاستی ڕاپۆرتەکەی دەکاتەوە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر و ڕایگەیاند، بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بووە.
ئەمبەرین زەمان، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی ئەو گومانانەی دایەوە کە لەسەر ڕاپۆرتە تایبەتەکەی دروست ببوو و ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی تێدەگەم هەندێک لە دۆستە کوردەکانم نایانەوێت بڕوا بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بکەن، بەڵام ڕاپۆرتەکە ڕاستە و کەمێک سەرم سوڕماوە لەو گومانانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوە و سیستەمی پاتریۆتیش لە هەولێر نەماوە، هەرچەندە هێزە تایبەتەکان لە هەندێک پێگەی جیاواز دەمێننەوە و ئەگەری هەیە هێزە تایبەتەکانی فەرەنساش مابێتنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەمبەرین زەمان ئاشکرای کردووە بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو لەگەڵ بەغدا، دەبوو تا 30ـی ئەیلول بکشێنەوە، بەڵام بەهۆی هێرشە نەبڕاوەکانی ئێران، ئەمریکا خشتەی کاتەکەی خێراتر کرد.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە پاتریۆتەکان بۆ شوێنێکی تر گواستراونەتەوە کە ئەگەری هەیە ئوردن بێت، چونکە کۆگای پاتریۆتی ئەمریکا ڕوو لە کەمبوونەوەیە و ئاستی بەرهەمهێنان بەشی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان ناکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو ڕۆژنامەنوسی ماڵەپەری ئەلمۆنیتۆر جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم پرسە پەیوەندی بە کوردەوە نییە و دەڵێت: ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە باشووری کوردستان بوو، ڕێک وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو.
کاتێک پێشتر باسی کشانەوەی ئەمریکام لە ڕۆژئاوا کرد، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوومەوە، بەڵام دواتر ڕاستییەکەی دەرکەوت.
PM:03:10:01/08/2026
ئهم بابهته 652
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت