رێگر ڕەشید لەناو لایڤی تیکتۆکدا کوژرا؛ کوڕەکەی وردەکاریی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە


وێستگە نیوز-

لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، هاوڵاتییەک بەناوی رێگر ڕەشید بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و کەسوکارەکەشی دەڵێن، لە کاتی ڕووداوەکەدا لەناو لایڤی تیکتۆکدا بووە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمووزی 2026، کاتژمێر 3ـی بەرەبەیان هاوڵاتییەک بەناوی ڕێگر ڕەشید کە بە ڕێکۆ خەیلانی ناسراوە، لە گەڕەکی باداوەی هەولێر لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

هەمزە ڕێگر، کوڕی کوژراوەکە کە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە نزیك باوکی بووە، دەڵێت: ئۆتۆمبێلێک هات بە فول لایت بەرچاوی باوکمی تاریک کرد، دواتر جامەکەی کردەوە و تەقەی لێکرد.

فایەق ڕەشید، برای کوژراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگر هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە و لە کاتی ڕووداوەکەدا هەردوو کوڕەکەی لەگەڵدا بوون و لەناو لایڤی تیکتۆکدا بووە، وتوویەتی منداڵەکان دەبەمەوە و دێمەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵ تەقەی لێکراوە.

ڕێگر ڕەشید باوکی 5 منداڵ بووە و پیشەی وەستای دیوار بووە، تا ئێستا پۆلیسی هەولێر هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر ناسنامەی تۆمەتبارەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کامێراکانی چاودێریی ناوچەکەدا گرتووە.


PM:04:29:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 3396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت