خونچە تەها: میدیای کوردی تووشی قەیرانی ئەخلاق بووە و هەندێک بێژەر تەنها دەقیڕێنن


وێستگەنیوز-

خونچە تەها، میدیاکار و پێشکەشکاری ناسراوی کورد، جارێکی دیکە رەخنە توندەکانی ئاراستەی ناوەندی میدیایی لە کوردستان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، راگەیاندن لە بری ئەوەی سەکۆیەک بێت بۆ هۆشیارکردنەوە، بووەتە شوێنی کەسانی رووکەشگەرا و بێ ناوەرۆک.


خونچە تەها لە نوێترین نوسینیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی ئێستای بەشێک لە میدیای کوردی دووچاری قەیرانی ناوەرۆک و ئەخلاق بووەتەوە. دەڵێت: "پێشکەشکارگەلێک هەن تەواوی گرنگییەکەیان لە خۆدەرخستن و خۆنمایشکردندا کورتکردووەتەوە، بێ ئەوەی خاوەنی کەمترین فیکر و روشنبیریی میدیایی بن".

ئەم هێرشە نوێیەی خونچە تەها لە کاتێکدایە، کە ساڵی رابردووش ناوبراو رەخنەی هاوشێوەی گرتبوو و باوەڕی وابوو کە هەندێک لە راگەیاندنکاران وەک مۆدێل کار دەکەن. ئەو کاتە داوای کردبوو کە پێویستە هەندێک رۆژنامەنووس لە بری زانیاری پێدان، دووبارە بخرێنەوە بەر پرۆسەی خوێندن، چونکە بە وتەی ئەو "مۆدێل، مەیکەپ ئارتیست، تیکتۆکچی و کەسانی بێ ئیش، بوونەتە میدیاکار".

خونچە تەها لە رەخنەکانیدا دەڵێت: "بێژەر ئێستا نابێژێت، بەڵکو هاوار دەکات و دەقیڕێنێت تەنها لە پێناو ئەوەی بەناوبانگ بێت"، هۆشداریش دەداتە ئەو جۆرە کەسانە و دەڵێت: "هەرچەند بەردەوام بن، بەڵام هەمووتان کاتین و زوو لە زیهنی بینەردا دەسرێنەوە".

لە لایەکی دیکەوە، ئەو میدیاکارە رەخنەی توند لە کەناڵە حزبییەکان دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی میدیایان بۆ ململانێی تەسک و چاندنی تۆوی ناوچەگەری بەکارهێناوە، کە ئەمەش شیرازەی کۆمەڵایەتی ورد و خاش کردووە،
لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە راگەیاندن بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە و باشترین چارەسەر بۆ هاوڵاتیان وازهێنانە لە تەماشاکردنی ئەو جۆرە کەناڵانە.


AM:10:04:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت