عەلی حەمە ساڵەح: دوو پاڵاوگەکەی عەربەت کەرەستەی خاو بە هەرزان وەردەگرن و سووتەمەنی بە گران دەفرۆشنەوە
وێستگەنیوز -
عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست دۆسیەی 2 پاڵاوگەی ناوچەی پیشەسازی عەربەت لە سلێمانی ئاشکرادەکات و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو نەوت و کەرەستەی خاویان پێدەدات، بەڵام ئەوان بەنزین و گازوایل بە نرخێکی زۆر گران بە هاووڵاتیان دەفرۆشنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەمووزی 2026، عەلی حەمە ساڵەح لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە ئێستادا بەنزین و گازوایلی سلێمانی لە 2 پاڵاوگەی ناوچەی پیشەسازی عەربەت بە ناوەکانی ئۆنکاسەن و فۆکس بەرهەمدێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە، حکومەتی عێراق نەفتا و نەوتی ڕەش بە نرخێکی پاڵپشتیکراو پێشکەشی ئەم 2 پاڵاوگەیە دەکات بۆ ئەوەی سووتەمەنی بە نرخێکی گونجاو بدەن بە هاووڵاتیان، نەک بەم نرخە زۆر گرانەی کە ئێستا لە بازاڕدا هەیە، جەختیشی کردووەتەوە کە وردەکاری پێویست بۆ لێکۆڵینەوە و ڕێکاری یاسایی لەبەردەستدایە.
سەبارەت بە ڕێکارەکان، ناوبراو ئاشکرای کردووە لە ڕێگەی د. غالب محەمەد لە لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراقەوە، نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کراوە و ڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی لە دژیان دەگرنەبەر.
عەلی حەمە ساڵەح لە کۆتاییدا جەختی لە هەڵوێستی خۆیان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: ئێمە پشتیوانی ئەوەین پاڵاوگە و پیشەسازی لەم سنوورەدا هەبێت، بەڵام ناکرێت سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بەنزین و گازوایل بە نرخێکی هەرزان دەستبەربکرێت و ئێستا بەم نرخە گرانە بفرۆشرێت.
PM:09:45:30/07/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت