ئەوقافی هەولێر: پرسە تەنها یەک ڕۆژ دەبێت و خواردن قەدەغەدەکرێت


وێستگەنیوز –

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافی هەولێر کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی مەراسیمی پرسە ڕاگەیاند، کە دیارترینیان کورتکردنەوەی ماوەی پرسەیە بۆ تەنها یەک ڕۆژ و قەدەغەکردنی پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوەیە لە مزگەوت و هۆڵەکاندا.


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پارێزگای هەولێر، کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێوڕەسمی پرسە لە مزگەوت و هۆڵەکاندا دەرکرد کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی هاوڵاتییان.

بەپێی بڕیارە نوێیەکان، ماوەی پرسە لە ناوەندی شار و دەوروبەری تەنها بۆ یەک ڕۆژ کورتکراوەتەوە، کاتی بەڕێوەچوونەکەشی لە یەک کاتژمێر دوای نوێژی نیوەڕۆوە دەستپێدەکات و کاتژمێرێک پێش نوێژی مەغریب کۆتایی پێ دێت.

لە ڕێنماییەکاندا جەخت کراوەتەوە کە لە هەردوو هۆڵی پیاوان و ئافرەتاندا جگە لە ئاو، پێشکەشکردنی هەر جۆرە خواردن و خواردنەوەیەکی دیکە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەروەها لە هۆڵی ئافرەتاندا ڕێگە بە ئەنجامدانی مەولوودنامە و دەف لێدان و لاواندنەوە نادرێت.

سەبارەت بە قورئان خوێندنیش، بڕیاردراوە دەنگی قورئانخوێنی هۆڵی پیاوان بۆ هۆڵی ئافرەتان بگوازرێتەوە و تەنها ئەو قورئانخوێنانەی مۆڵەت و باجی ئەوقافیان هەیە بۆیان هەیە قورئان بخوێنن، بێ ئەوەی ڕێگە بە هیچ کەسێکی دیکە بدرێت وتار پێشکەش بکات.

هەر بەپێی بڕیارەکان، پێویستە کورسییەکانی ناو هۆڵەکان بە شێوازێک ڕێکبخرێن کە ڕوویان لە خاوەن پرسە بێت و شوێنی تایبەت بۆ کەسوکاری کۆچکردوو دیاری بکرێت.

تەیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم بڕیارانە بۆ بەرژەوەندی گشتییە و پێویستە خاوەن پرسەکان فۆڕمی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان پڕبکەنەوە و دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە هۆڵەکە وەک خۆی ڕادەستی ئەوقاف بکەنەوە.


PM:05:52:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت