کێشەی نێوان دانیشتووانی کەنەسوورە و کۆمپانیایەک توند دەبێت؛ "بەبێ قەرەبوو رێگە نادەین خانووەکانمان بڕوخێنرێن"


وێستگەنیوز-

بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی کەنەسوورە دژی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون گردبوونەوە و رایانگەیاند، ماوەی 2 ساڵە بەهۆی دروستکردنی شەقامێکی پڕۆژەکەوە فشار لەسەر خانووەکانیان دروست دەکرێت بۆ ئەوەی چۆڵی بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ زەمانەتێکی فەرمییان بۆ قەرەبووکردنەوە پێدرابێت.


ئەمڕۆ، دانیشتووانی ناوچەکە لە گردبوونەوەیەکدا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە کۆمپانیای "سێنتراڵ پارک" دەربڕی. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە رایگەیاند، کێشەی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدایە کە دەیەوێت بۆ بەرژەوەندی پڕۆژەکەی شەقامێک لەسەر حیسابی خانووەکانی ئەوان دروست بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان بۆ نەهاتووە کە دڵنیایان بکاتەوە لەوەی قەرەبوو دەکرێنەوە.

هاوڵاتییانی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی 2 ساڵە کۆمپانیاکە "دەستی دەستییان پێ دەکات" و ناوە ناوە شۆفڵ بە ناوی شارەوانییەوە دەهێنێتە سەر سیاجی خانووەکانیان و داوای چۆڵکردنیان لێ دەکات.

دانیشتووانی کەنەسوورە جەختیان کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رازی نین خانووەکانیان تێکبدرێت تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی مافەکانیان بۆ دابین دەکرێت، هەروەها رایانگەیاند، تا کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکرێت، رێگری لە کارەکانی ئەو کۆمپانیایە دەکەن و ناهێڵن پڕۆژەکەیان بەردەوام بێت.


PM:02:54:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو