فراکسیۆنی پارتی لە کەرکوک: بۆ چاودێریکردن گەڕاوینەتەوە و بە دۆخەکە رازی نین


وێستگەنیوز-

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی گەڕانەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن روون کردەوە و رایگەیاند، گەڕانەوەیان بە واتای رازیبوون بەو واقیع و دۆخەی ئێستای کەرکوک نایەت.


فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکییان لە گەڕانەوە، رۆڵبینینە لە چاودێریکردنی دۆخەکە و جێبەجێکردنی بڕیاری سەرکردایەتییان بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کەرکوک. جەختیشیان کردەوە کە ئەوان پشتگیری هەر هەنگاوێک دەکەن کە لە بەرژەوەندی خزمەتکردنی شارەکەدا بێت، بەڵام لە بەرامبەردا دژی هەر کارێک دەوەستنەوە کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی گەل بێت.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئەوەش خرایە روو، کە تەواوی فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوای گەڕانەوەی پارتییان کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بڕیار و کۆبوونەوەکاندا.

فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردەوە کە پابەندن بەو راسپاردانەی بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی کەرکوک پێیان دراوە و کار بۆ چەسپاندنی مافەکانیان دەکەن.


PM:02:17:28/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت