وەزارەتی ناوخۆ پلەی 720 ئەفسەری پۆلیسی بەرزکردەوە
وێستگەنیوز-
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە پلەی سەدان ئەفسەری پۆلیس بەرزکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ پلەبەرزکردنەوەی 720 ئەفسەر لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند.
لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەم فەرمانە سەربازییە سەرجەم ئەو ئەفسەرە شایستە و ماندوونەناسانە دەگرێتەوە کە ناوەکانیان لە خشتەی فەرمیی 14ـەی تەممووزی ساڵی 2025ـدا بەفەرمی تۆمارکرابوو.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم پیرۆزبایی ئاڕاستەی تەواوی ئەو ئەفسەرانە کرد کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکانیاندا، بۆ ئەوەی هەمیشە سەرقافڵە بن لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و دابینکردنی کەشێکی ئارام لە هەرێمی کوردستاندا.
بەرزکردنەوەی پلەی ئەم ئەفسەرانە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پلەی ژمارەیەک لە ئەفسەر و پلەدارانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بەرزکرایەوە و پێشتریش پلەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرزکرابووەوە.
PM:07:38:27/07/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت