بڕیار رەشید: حکومەت 24 تریلیۆن دینار قەرزداری فەرمانبەرانە و نابێت کارەبایان لێ ببڕێت


وێستگەنیوز-

د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنەی توند لە بڕیارێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم دەگرێت و رایدەگەیەنێت، کە حکومەت خۆی قەرزداری هاوڵاتییانە و ناتوانێت داوای پارەی نەقدییان لێ بکات لە کاتێکدا مووچەکانیانی پاشەکەوت کردووە.


وەزارەتی کارەبا لە رێگەی پڕۆژەی "روناکی"ـەوە مۆڵەتی 50 رۆژی بە بەشداربووان داوە بۆ دانەوەی پسووڵە و قەرزە کۆنەکان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی بڕینی کارەبایان لێ دەکات. لە بەرامبەردا بڕیار رەشید ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان ساڵانی 2015 تا 2025، حکومەت 18 مووچەی فەوتاندووە و 44 مووچەشی بە لێبڕینەوە خەرج کردووە، کە کۆی گشتی ئەو قەرزانەی لای حکومەتە بە 24 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.

ئەو پەرلەمانتارە چەند داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە:

یەکەم: راگرتنی هەڕەشەی بڕینی کارەبای هاوڵاتییان بەهۆی قەرزە کۆنەکانەوە.
دووەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم بۆ دیاریکردنی بڕی راستەقینەی مافی هەر فەرمانبەرێک.
سێیەم: ئامادەکردنی رێککەوتنێکی دارایی پابەندکەر و خشتەیەکی کاتی بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەکان.
چوارەم: کاراکردنی سیستەمی "مەقاسە"؛ بە جۆرێک فەرمانبەران بتوانن قەرزی کارەباکانیان لەو شایستە داراییانە ببڕنەوە کە لای حکومەت پاشەکەوت کراوە، نەک داوای پارەی نەقدییان لێ بکرێت.

بڕیار رەشید جەختی لەوەش کردەوە، کە تا ئێستا حکومەت بە فەرمی دان بەو پاشەکەوتانەدا نانێت و هیچ داتایەکی وردی لەو بارەیەوە نەخستووەتە روو، بۆیە ناکرێت لە کاتێکدا حکومەت قەرزداری فەرمانبەران بێت، فشاریان بخاتە سەر بۆ وەرگرتنی پارەی کارەبا.


PM:01:24:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو