خاوەن بڕوانامە نوێیەکان لە هەرێم: بەغدا بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەکانی داوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم جێبەجێی ناکەن


وێستگەنیوز –

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەرماڵەی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان دەربڕی، نوێنەرانی ئەو توێژە ڕایانگەیاند، حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئامادە نییە بڕیارەکە جێبەجێ بکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەمووزی 2026، نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان و هەڵگرانی نازناوی زانستی لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکیان ئاراستەی ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، تیایدا داوای بەستنەوە و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن و دەڵێن: سەرباری ماندووبوونی زۆر، تا ئێستا دەرماڵەی بڕوانامەکانمان بۆ نەبەستراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێشتر پاساوی دواخستنی دەرماڵەکان بۆ بڕیارێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەگەڕایەوە، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی ژمارە 22288 لە ڕێکەوتی 21/06/2026، داوای بەستنەوەی سەرجەم دەرماڵە نوێیەکانی کردووە و قۆناغی ڕاگرتنی کۆتایی پێهێناوە.

خاوەن بڕوانامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرباری نووسراوە فەرمییەکەی بەغدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم پابەند نین بە جێبەجێکردنی.

دەشڵێن، لە کاتێکدا چەندین جۆری تری دەرماڵە خەرج کراونەتەوە، بەڵام دەرماڵەی ئێمە کە هەڵگری بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆراین، پشتگوێ خراوە، ئەمەش باری دەروونی و دارایی توێژەرانی قورس کردووە.

نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان داوا لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەکەن ئەم هەنگاوانە بنێن:

بەستنەوەی فەرمیی دەرماڵەکانی بڕوانامە و نازناوی زانستی بەپێی بڕیارەکەی بەغدا.

دابینکردنی سەرجەم ئەو شایستە داراییانەی کە لە کاتی دەستبەکاربوونەوەیان لە ساڵی ڕابردووەوە بۆیان هەژمار نەکراوە.

دەرکردنی ڕێنماییەکی ڕوون بۆ سەرجەم زانکۆکان بە مەبەستی نەمانی جیاکاری و پاراستنی مافی یاسایی توێژەران.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمە سەرەتاییترین مافی ئەکادیمییە و پێویستە حکومەت بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی خۆی لەم بارەیەوە جێبەجێ بکات.


PM:06:11:23/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت