مونا قەهوەچی: گەلی کوردستان لەمە زیاتر پاساو هەڵناگرێت و دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە


وێستگەنیوز-

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، گەلی کوردستان لەمە زیاتر پاساوی دواخستنی بڕیارە گرنگەکان هەڵناگرێت و دەبێت بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمووزی 2024، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و ئەندامی خولی 6ـی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و ڕایگەیاند، دوای ماوەیەکی درێژ لە چاوەڕوانی و دواخستنی بڕیارە گرنگەکان، چیتر گەلی کوردستان پاساو بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت قبوڵ ناکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هاووڵاتیان بە مافی خۆیان دەزانن دامەزراوە دەستورییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەجێبهێنن و وەڵامی پێویستییەکانی قۆناغی ئێستا بدەنەوە، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، تەنها داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی جێگیری سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری و چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵک.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی کردووەتەوە لەوەی هەر دواکەوتنێکی تر کاریگەری نەرێنی لەسەر متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان و پرۆسەی دیموکراسی جێدەهێڵێت، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارانە هەنگاوی خێرا و جددی بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ئاوات و داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتیان بێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مونا قەهوەچی دەڵێت گەلی کوردستان کە لە ساڵانی ڕابردوودا قوربانی و تەنگانەیەکی زۆری بینیوە، شایستەی ئەوەیە دامەزراوەکان بە خێرایی کارەکانیان ئەنجام بدەن و کۆتایی بەم قۆناغی چاوەڕوانییە بهێنرێت و بەرژەوەندی گشتی بخرێتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانەوە.


PM:05:33:21/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو