خاوەن بەنزینخانەکانی هەولێر داوا لە وێسستگەنیوز دەکەن دەنگیان بگەیەنرێت
وێستگەنیوز-
دوای بڕیارەکەی رۆژی رابردووی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی جێگیرکردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار، ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە شاری هەولێر دروستبووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی وێستگەنیوز، لە ئێستادا بەشێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر پابەندی بڕیارەکە نین و بەشێکی دیکەشیان بە تەواوی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵیان راگرتووە، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتیان لە گەڕان بەدوای بەنزینی نرخ جێگیردا تووشی گرفت ببن.
ژمارەیەک لە خاوەن بەنزینخانەکانی هەولێر لە رێگەی "وێستگەنیوز"ەوە داواکارن پەیامی خۆیان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رایانگەیاند، ئەوان ناتوانن بەو نرخە بەنزین بفرۆشن چونکە تێچووی کڕینی هەر لیترێک بەنزین بۆ ئەوان لە سەرووی 1000 دینارەوەیە.
خاوەن بەنزینخانەکان دەپرسن: "ئەگەر ئێمە بەنزین بە گران بکڕین و بە 850 دینار بیفرۆشینەوە، کێ قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیەمان دەکاتەوە؟"، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان نرخی کڕین و فرۆشتندا، ناچاربوون جۆری نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانیان نەمێنێت تاوەکو تووشی زیانی دارایی نەبن.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیان چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت بوون بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانیان، بەڵام نەبوونی میکانیزمێکی روون بۆ دابینکردنی بەنزین بۆ بەنزینخانە بازرگانییەکان، بازاڕەکەی تووشی جۆرێک لە چەقبەستوویی کردووە.
PM:02:15:21/07/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت