پارێزگاری سلێمانی: پابەندی نرخە حکومییەکانی بەنزینین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمووزی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە سنووری پارێزگاکە بڵاوکردەوە و جەختی لە پابەندبوونیان بە بڕیارە فەرمییەکان کردەوە.
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری دیاریکردنی نرخی بەنزینی حکومی لە سلێمانی وەک خۆی جێبەجێ کراوە و لە داهاتووشدا بۆ ئەو بڕە سووتەمەنییەی کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، پابەندی نرخەکان دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد کە دابەشکردنی ئەو بەنزینە لە رێی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر بەنزینخانەکاندا بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر روونیکردەوە، پاڵاوگە گەورەکان لەژێر چاودێری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخەکان دیاری دەکەن، وتیشی: "وابڕیارە دوای ئەوەی بڕی پێویست بە نرخە نوێیەکە گەیشت و کوالێتییەکەی زامنکرا، بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار بگاتە دەست هاووڵاتیان، ئەمەش بە جۆرێک کە مافی یاسایی و سوودی دارایی بەنزینخانەکانیش پارێزراو بێت".
لە بەشێکی دیکەی رونکردنەوەکەیدا، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای کرد کە هەموو لایەک سەرپشک کراون بۆ هاوردەکردنی بەنزین و سوتەمەنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی پابەندی کوالێتی و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بن و لەژێر چاودێری لایەنە فەرمییەکاندا لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێن.
PM:01:44:21/07/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت