وەزیری تەندروستی: 28 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخانکراوە و "هیوای گەورە" دروست دەکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمووزی 2026، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، نوێترین ئامار و وردەکارییەکانی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی شێرپەنجە و پڕۆژە تەندروستییەکانی داهاتووی راگەیاند.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ساڵی 2025، حکومەت بڕی 25 ملیار دیناری تەنیا بۆ دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کردووە، هاوکات بڕی 3 ملیار دیناری دیکەش بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ هەمان نەخۆشخانە دابینکراوە، وتیشی: "لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، نزیکەی 12 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان خەرج کراوە".
دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت کرد و رایگەیاند، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ورد دەستپێکراوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورە و مۆدێرن لە شاری سلێمانی بەناوی (نەخۆشخانەی هیوای گەورە)، بە ئامانجی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشانی شێرپەنجە، هەروەها ئاماژەی بە تەواوبوونی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی کرد کە بە هەماهەنگی سندوقی کۆمەک و نەخۆشخانەی هیوا جێبەجێ کراوە، لەگەڵ هەبوونی دوو پڕۆژەی نوێ بۆ نەخۆشخانەی دەروونی.
سەبارەت بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد کە رێکخراوی مەلیک سەلمان بە بڕی نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم دابین کردووە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ رێکخراوی یونسێف کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پیسی نێو نەخۆشخانەکان، کە وەک پڕۆژەیەکی ژینگەیی و تەندروستی گرنگ وەسفی کرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و هەروەها جەختی لە هەماهەنگی بەردەوامی نێوان وەزارەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کردەوە بۆ بەهێزکردنی پاڵپشتییەکان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتکردنی زیاتری نەخۆشانی شێرپەنجە لەسلێمانی.
PM:01:25:21/07/2026
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت