بڕیارێکی نوێ لەبارەی گەنمی جووتیاران دەرچوو؛ کۆمپانیاکان دەست بە وەرگرتنی دەکەن


وێستگەنیوز-

بڕیار درا تەواوی ئەو گەنمە زیادەیەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە لە سایلۆ حکومییەکان وەرنەگیراوە، لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بکڕدرێتەوە و نرخەکەشی بۆ هەر تۆنێک دیاریکرا.


ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەمووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان، بڕیاردرا بە مەبەستی هاوکاریکردنی جووتیاران و ساغکردنەوەی ماندووبوونیان، تەواوی ئەو گەنمەی لە سایلۆکان وەرنەگیراوە لێیان بکڕدرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، سەبارەت بە نرخەکەشی، ڕێککەوتن کراوە کە هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەربگیرێت، وەرگرتنەکە بەپێی تایبەتمەندی و ستانداردە مامناوەندەکانی عێراق دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ ڕایشیگەیاند، پرۆسەکە بەم شێوەیە دەبێت:
-جووتیاران سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە سنووری خۆیان دەکەن بۆ وەرگرتنی پسوولە، دواتر لە ڕێگەی بنکەکانی کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە لە هەولێر و دهۆک، گەنمەکەیان رادەست دەکەن و پارەکەیان وەردەگرن.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ساڵانە بەغدا بڕێکی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێم دیاری دەکات کە زۆر کەمترە لەو بڕەی بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش ببووە هۆی نیگەرانی زۆری جووتیاران و بەشێکی زۆری گەنمەکانیان لە کۆگاکاندا دەمایەوە یان ناچار دەبوون بە نرخێکی زۆر هەرزان بە بازرگانانی بفرۆشن.


PM:09:14:20/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو