جەلالی سام ئاغا پڕۆژەیەکی گەورەی دەرمان و پێداویستی بۆ نەخۆشخانەی هیوا ڕاگەیاند
وێستگە نیوز -
جەلالی عومەری سام ئاغا پڕۆژەیەکی 115 ملیۆن دیناری بۆ تاهەتایە بەخشییە نەخۆشخانەی هیوا و ساڵانە بڕەکەی زیاتردەبێت.
جەلالی عومەری سام ئاغا، کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی، لە هەنگاوێکی مرۆیی و خێرخوازی بێوێنەدا، پڕۆژەیەکی گەورەی بە بڕی 115,350,200 دینار بۆ خزمەتی نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کرد، کە بڕیارە داهاتەکەی بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بەکاربهێنرێت.
چیرۆکی پڕۆژەکە و فرۆشتنی زەوییەکی کەسی ئەم پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، کاتێک جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەکی تایبەتی خۆی بە بڕی 70,056,000 دینار فرۆشت و پارەکەی بەخشییە دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی.
ئامانجی پڕۆژەکە خەڵاتکردنی ساڵانەی فەرمانبەرانی لێهاتوو بوو لەژێر ناوی "خەڵاتی جەلالی عومەری سام ئاغا بۆ فەرمانبەری لێهاتوو و خانمی سەلار".
سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەکە چەند ساڵێک بە سەرکەوتوویی بەردەوام بوو، بەڵام ماوەی 5 ساڵە بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە بەبێ هیچ پاساوێک و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەخشەرەکە، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیان ڕاگرتووە.
ئەم هەڵوێستەی بەرپرسانی فەرمانگەکە وای لە جەلالی سام ئاغا کرد، دوای ڕاوێژی یاسایی، بڕیار بدات سەرمایەی پڕۆژەکە کە ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 115 ملیۆن دینار، لەو فەرمانگەیە وەربگرێتەوە و ئاڕاستەکەی بەرەو کەرتی تەندروستی بگۆڕێت.
خزمەتێکی هەتاهەتایی بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەپێی نووسراوی فەرمی فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە 952 لە ڕێکەوتی 5ـی کانوونی یەکەمی 2021، ڕەزامەندی دراوە کە خاوەندارێتی ئەو ئەژمارە بانکییە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
ساڵانە 90%ـی زیادەی سەر سەرمایەی پڕۆژەکە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی بۆ نەخۆشەکان خەرج دەکرێت.
10%ـەی تری زیادەکە دەچێتەوە سەر سەرمایە بنەڕەتییەکە بۆ ئەوەی ساڵانە بڕی پارەکە زیاد بکات.
سەرمایەی پڕۆژەکە بۆ هەتاهەتایە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستکاری بکات یان بەشێکی ڕابکێشێت.
هەوێنێک بۆ چاکەکاری لیژنەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە هیوایان خواستووە ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە هاندانێک بۆ سەرمایەداران و خێرخوازانی تری وڵات، تاوەکو پشتیوانی نەخۆشخانەی هیوا و کەرتی تەندروستی بن.
جەلالی سام ئاغا بەم هەنگاوەی، مۆدێلێکی نوێی لە وەقفی خێرخوازی مۆدێڕن نیشانی کۆمەڵگە دا، کە تێیدا سەرمایەیەک بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و داهاتەکەی خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات.
PM:07:15:20/07/2026
ئهم بابهته 1692
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت