بەهجەت ئەحمەد: ئەم بڕیارەی حکومەت کێشەی بەنزین زیاتر دەکات


وێستگە نیوز -

بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکار و شارەزای نەوت و وزە، ڕەخنەی توند لە بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت سەبارەت بە جێگیرکردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان قورستر دەکات.


بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکار و شارەزای نەوت و وزە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم خۆی ڕایگەیاندووە کە تەنها توانای بەرهەمهێنانی ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینی هەیە و نەوتی خاوی زیاتری لەبەردەست نییە تا بەرهەمهێنانی پێ زیاد بکات، بۆیە ناپرسێت: حکومەت چۆن دەتوانێت خواستی بازاڕ پڕ بکاتەوە و هاوڵاتی لە قەیران ڕزگار بکات کاتێک بڕی پێویستی لەبەردەست نییە؟.

بەهجەت ئەحمەد جەخت دەکاتەوە لەوەی حکومەت ناتوانێت نرخ بۆ کەرتی تایبەت دیاری بکات لە کاتێکدا هیچ پاڵپشتییەکیان ناکات.

هۆشداریش دەدات کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کارەسات دروست دەکات، چونکە خاوەن بەنزینخانەکان بۆ دەربازبوون لەو نرخە، واز لە فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ دەهێنن و تەنها جۆرەکانی موحەسەن و سوپەر دەفرۆشن کە نرخەکانیان ئازادە و لە بڕیارەکەدا باس نەکراون، ئەمەش وادەکات هاوڵاتی ناچار بێت بەنزین بە نرخێکی زۆر گرانتر بکڕێت.

لە کۆتاییدا بەهجەت ئەحمەد دوپاتی دەکاتەوە کە ئەم جۆرە بڕیارانە لەبری چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و لە کۆتاییدا تەنها هاوڵاتی باجەکەی دەدات.




PM:05:38:20/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو