بافڵ تاڵەبانی: شانبەشانی هەولێر دەوەستین و سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سوورە



وێستگەنیوز -

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێرانی کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لە ئێمە هێرشە بۆ سەر هەموومان و لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی هەولێر دەوەستن.


لە پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، شەوی ڕابردوو ئاسایش و سەروەریی نیشتمان ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی گەورە و قبوڵنەکراو بووەوە، بەهۆی هێرشێکی موشەکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هاوێژرا و هێزە ئەمنییەکان و نیشتمانی کردە ئامانج.

سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە کاری هەرە لەپێشینەیان پاراستنی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانە، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگا فریاگوزاری و بەرگرییەکان بە تەواوی خراونەتە گەڕ.

راشیگەیاندووە، لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان، داواش لە هاوڵاتیان دەکەم ئارام و چاوکراوە بن و پابەندی ڕێنماییە فەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکان بن.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبوونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە، بە شێوازێکی چالاکانە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە هەماهەنگیداین بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگرییەکی ژیرانە و بەهێز.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم کردەوە دوژمنکارییانە و پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەی خێرا دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە سەرنجی ئەوان بە تەواوی لەسەر بەرگری، هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی هاوڵاتیان
دەمێنێتەوە.


PM:09:03:18/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو