نەزەند بەگیخانی: ژنانی کوردستان پێویستیان بە ستراتیژێکی یەکگرتوو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان


وێستگەنیوز-

نەزەند بەگیخانی، شاعیر و توێژەری ئەکادیمی، لە بانگەوازێکدا بۆ ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان، داوای یەکخستنی هەوڵەکان و دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژی و چەوسانەوەیەی رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.


نەزەند بەگیخانی ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنان رۆژانە لە ناو ماڵ، زانکۆ، شوێنی کار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رووبەڕووی سووکایەتی و هێرشی سیستەماتیک دەبنەوە. دەڵێت: "ئەم هێرشانە رووداوی تاک و تەرا نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستەمێکی فراوانتر بۆ بێدەنگکردنی ژنان و سنووردارکردنی ئازادییەکانیان".

ئەو توێژەرە ئەکادیمییە رەخنە لە لێکترازانی بزووتنەوەی ژنان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، کە ناکۆکییە حیزبی و سیاسییەکان کاریگەریی خراپیان لەسەر رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان هەبووە، ئەمەش بوارێکی گەورەی بۆ گرووپە توندڕەوەکان رەخساندووە تا هێرشەکانیان بۆ سەر مافەکانی ژنان توندتر بکەن.

لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەیدا، بەگیخانی تیشک دەخاتە سەر رووداوەکانی ئەم دواییە و دەڵێت: "کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی لە زانکۆکانی سلێمانی و سنە، هەروەها کەیسی بەهار عەلی، پێمان دەڵێن کە دۆخەکە لە جاران ئاڵۆزتر و مەترسیدارترە و ئامانج لێی لێدانە لە کەرامەتی ژن".

نەزەند بەگیخانی کە زیاتر لە 3 ساڵە لە بواری توندوتیژی دژی ژنان کار دەکات، داوا لە چالاکوانان، ئەکادیمییەکان، رۆژنامەنووسان و تەواوی چین و توێژەکان دەکات، کە لەم ساتە مەترسیدارەدا هاوخەبات و هاوپشتیوان بن. جەختیش دەکاتەوە کە یەکگرتوویی ژنان بە واتای سڕینەوەی جیاوازییە فیکرییەکان نایەت، بەڵکو پێویستە ئەو جیاوازییانە بکرێنە بنەمای هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە خەبات بۆ ئازادیی ژنان ئەرکی هەمووانە، بە ژن و پیاوەوە، و داوا دەکات پێش ئەوەی درەنگ بێت، ژنانی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و خاوەن ستراتیژ پێکەوە بێنە دەنگ.


PM:09:42:17/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو