نوێنەرانی سێ یەکەمە دانەمەزراوەکان بۆ حکومەتی هەرێم: داواکارین ناوەکانمان رەوانەی بەغدا بکەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمووزی 2026، نوێنەرانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (لە لقی سلێمانی) کۆبوونەوە و داوای چەسپاندنی مافە یاساییەکانیان و جێگیرکردنی ناویان لە بودجەی ساڵی 2027 کرد.
نوێنەری سێ یەکەمەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی 45 گردبوونەوەی هێمنانە، هێشتا کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2023دا بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم دوو مانگ دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق ناوەکانی نارد، دەرفەتی دامەزراندنیان لەدەست چوو، بۆیە داوا دەکەن ئەمجارە پێشوەختە نووسراوەکانیان رەوانەی بەغدا بکرێت.
نوێنەری دەرچووە یەکەمەکان رووی دەمی کردە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وتی: "تاوەکو کەی مافە یاساییەکانمان پێنادەن؟ ژیانمان وێران بووە و دەروونمان تێکچووە، ئێمە رۆڵەی ئەم خاکەین و بۆ خزمەتی وڵات شەونوخونیمان کردووە، بەڵام تەمەنمان بەبا چوو و تەحەمولمان نەماوە".
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوە کرا، کە لە وەجبەی ساڵی 2017 و 2018وە تائێستا هیچ یەکەمێک دانەمەزراوە، لە کاتێکدا بەپێی ماددەی 67 لە یاسای حکومەتی عێراقی و یاسای ژمارە 25، ماددەی 10 لە هەرێمی کوردستان، دامەزراندنیان ئەرکێکی یاساییە و پێویستە وەک پزیشکەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
دەرچووە یەکەمەکان جەختیان کردەوە، کە تەنها واژۆی سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ رەوانەکردنی ناوەکانیان و هۆشداریشیان دا ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و جارێکی دیکە دەچنەوە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لە بەرامبەردا، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەڵێنیان داوە گوشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم تاوەکو بە زووترین کات ناوەکان بنێردرێن و لە بودجەی ساڵی 2027دا جێگەیان بکرێتەوە.
PM:03:32:14/07/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت