کەمال کەرکوکی: هەندێک لایەن بە قەبارەی خۆیان رازی نین و پشکی زیاتر داوادەکەن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەمووزی 2026، کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن کە 39 کورسی هەیە، حکومەت پێکدەهێنێت و پابەندە بەو قەبارەیەی کە خەڵکی کوردستان لە رێگەی دەنگەکانیانەوە بۆ حزبەکانیان دیاری کردووە.


کەمال کەرکوکی ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردە و هی هیچ حزبێک نییە، بۆیە بایکۆتکردنی بە زیان بۆ خەباتی گەل دەزانێت، وتیشی: "داوا لە پەرلەمانتاران دەکەم ئەو زنجیرەیەی حزبەکانیان بەسەریاندا فەرز کردووە بشکێنن و بچنە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی بەپێی ئەوەی لە دڵ و مێشکیاندایە خزمەت بکەن، چونکە هەر پەرلەمانتارێک رێگری لە دەوامی پەرلەمان بکات، لەپێش خودا و گەل گوناحبار و تاوانبار دەبێت".

سەبارەت بە هەوڵەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکوکی سوپاسی حەمەی حاجی مەحمودی کرد بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کورد و راشیگەیاند، کە پارتی بە وردی دیراسەی پڕۆژەکە دەکات و دواتر گفتوگۆی لەسەر دەکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە داواکارییەکانیان لە قەبارەی کورسییەکانیان گەورەترە و وتی: "خەڵک قەبارەی هەموو لایەکی دیاری کردووە؛ پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23، نەوەی نوێ 15 و یەکگرتووش 7 کورسییان هەیە، بۆیە رێککەوتن لەگەڵ لایەنێک کە لە شایستەیی خۆی زیاتر داوا بکات مەحاڵە".

لە کۆتاییدا سەبارەت بە هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، کەرکوکی جەختی کردەوە کە پێویستە سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و نابێت "ئەسپ بخرێتە پشت عەرەبانەکەوە"، دووپاتیشی کردەوە کە دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەک کراوەیە.


PM:02:35:12/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو