وتەبێژی نەوەی نوێ وەڵامی وتەبێژی یەکگرتوو دەداتەوە


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین داوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە نێوان پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمان بەڕێوە بچێت.

بەپێی وتەی وتەبێژی یەکگرتوو، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی و دانانی میکانیزمێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها رێککەوتنی لایەنەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە، هەروەها وتیشی: "دۆزینەوەی نەخشەریگەیەکی هاوبەشە بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمی کوردستان".

لە بەرانبەر ئەم جوڵە سیاسییەدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵوێستی پێچەوانەی وەرگرت، هیمداد شاهین، وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەک لەئارادا نییە و ئەوان وەک جوڵانەوەکەیان بەشداری هیچ دانیشتنێک ناکەن.

وتەبێژی نەوەی نوێ جەختی لەسەر مەرجێکی توند کردەوە و رایگەیاند، نەوەی نوێ لەگەڵ هیچ لایەنێک کۆنابێتەوە، مەگەر ئەو لایەنانە بە تەواوی دەستبەرداری پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ببن.


PM:02:26:09/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو