قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌شتوگوزاری ئه‌لبانیا چه‌ند پرسێكی تاووتوێ كرد
وێستگه‌نیوز –
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌شتوگوزار و رۆشنبیری و وه‌رزشی ئه‌لبانیا باسی له دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌ردوو وڵات كرد، راشیگه‌یاند كه حكومه‌تی هه‌رێم گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌دا به پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار.
له به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كانی له ئه‌لبانیا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ بلێندی گۆنشجا، وه‌زیری گه‌شتوگوزار و رۆشنبیری و وه‌رزشی ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه رۆژی سێشه‌ممه (7/7/2026) به ئاماده‌بوونی دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانان و ژوان سابیر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و دابان شه‌ده‌ڵه، جێگری سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و سه‌فین غه‌فور، راوێژكاری جیگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، باس له دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له بواره‌كانی گه‌شتوگوزار و پاراستنی شوێنه‌واره مێژوویی و كولتوورییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون و پسپۆڕی كرا.
له دیداره‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌یدا به‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار هه‌یه و روونیكرده‌وه كه "له چوارچێوه‌ی فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، حكومه‌تی هه‌رێم گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌دا به پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار".
له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه و به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌لبانیا به گرنگ زانی و وتی: "به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانینه سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی وڵاتانی دۆست و له‌ناویشیاندا حكومه‌تی ئه‌لبانیا".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون، قوباد تاڵه‌بانی به فه‌رمی بانگهێشتی وه‌زیری گه‌شتوگوزار و رۆشنبیری و وه‌رزشی ئه‌لبانیای كرد سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات.
PM:07:57:07/07/2026
ئه‌م بابه‌ته 156
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت