ئەمڕۆ بە میوانداری تورکیا لووتکەی ناتۆ دەستپێدەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەمووزی 2026، لووتکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی بە کارەکانی دەکات، کە تێیدا زنجیرەیەک پڕۆژەی سەربازیی نوێ بە بەهای ملیارەها دۆلار نمایش دەکرێن، ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی هاوپەیمانەکان دەبینرێت بۆ قایلکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە نیشانی بدەن وڵاتانی ئەوروپا خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد کردووە و وەبەرهێنانی راستەقینە لە هێزی سەربازیدا دەکەن.

مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، دەیان ملیار دۆلار لە گرێبەستە نوێیەکان رادەگەیەنن کە زۆربەیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانن، ئەمەش بۆ تێرکردنی داواکارییەکانی واشنتۆن کە داوای دڵسۆزی و بەشداریکردنی زیاتری ئەوروپا دەکات لە تێچووەکاندا، روتە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵی 2017وە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و کەنەدا نزیکەی 1,2 تریلیۆن دۆلاریان خەرج کردووە.

لە پەراوێزی ئەم لووتکەیەدا، پێگەی تورکیا وەک دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ و خاوەنی پیشەسازییەکی بەرگریی پێشکەوتوو گفتوگۆی زۆری لەسەرە، ئەوروپا تورکیا وەک هاوبەشێکی گرنگ بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە ئەمنییەکان دەبینێت، بەڵام کێشەکانی ئەنقەرە لەگەڵ یۆنان و قوبرس، وایکردووە وڵاتەکە لە هەندێک بەرنامەی بەرگریی یەکێتی ئەوروپا وەک پڕۆژەی (SAFE) دووربخرێتەوە.

هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دژایەتیی توندی خۆی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-35 بە تورکیا دەربڕی و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات و کڕینی ئەم فڕۆکانە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکدەدات، تورکیا کە پێشتر بەهۆی کڕینی سیستەمی S-400ی رووسی لەو بەرنامەیە دوورخرابووەوە، ئێستا لۆبی دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو پڕۆژەی فڕۆکە جەنگییەکان.

هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی لووتکەکەدا، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور گەیشتە ئەنقەرە، ئەم سەردانەی سەرۆکی کۆریا کە یەکەم سەردانی لەو جۆرەیە لە ماوەی 15 ساڵدا، ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان و بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەی وڵاتانی "چوارینەی هیندۆ-پاسیفیک" (کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئوسترالیا و نیوزلەندا) لەگەڵ ناتۆ.

لووتکەی ئەمساڵ کە بە دروشمی "ئەوروپایەکی بەهێزتر بۆ ناتۆیەکی بەهێزتر" بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە هێرشی هێبرید و ئەلیکترۆنیی رووسیا بۆ سەر کیشوەرەکە روو لە زیادبوونە.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیل و یۆنان، شرۆڤەکاران پێیان وایە تورکیا رۆڵێکی کلیلی دەگێڕێت کە ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری بێت، بەتایبەت لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکانی وەک روسیا و گروپە چەکدارەکان، کە ئەنقەرە دەتوانێت بگاتە شوێنێک ئەوروپییەکان ناتوانن بۆی بچن.


AM:09:24:07/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو