خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی برای دەستگیرکران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەمووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیفی برای راگەیاند، ئەوەش دوای هەبوونی سکاڵای یاسایی و دەرچوونی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، ئەو دوو تۆمەتبارە لە ماوەی رابردوودا دەستیان هەبووە لە چەندین کردەوەی نایاسایی، لەوانە نانەوەی ئاژاوە و کێشە، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیان و موڵکی گشتی، هەروەها تۆمەتبارن بە کوشتنی پێشمەرگەیەک و هاوڵاتییەک و سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ناوبراوان لە سنووری قەزای خەبات کاریان بۆ هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیری کردووە، رێگرییان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە حکومییەکان کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە ناوچەکەدا کردووە.
ئەم دەستگیرکردنە دوای زنجیرەیەک گرژی دێت کە لە تەموزی 2025 لە گوندی گردەڕەشەی سنووری خەبات روویدا، کە بەهۆیەوە کارمەندێکی زێرەڤانی و هاوڵاتییەک گیانیان لەدەستدا، پۆلیسی هەولێر دوپاتی کردووەتەوە کە یاسا سەروەرە و لە ماوەی داهاتوودا هەردوو تۆمەتبارەکە رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی تاوانەکانیان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە پاراستنی سەروماڵیان ئەرکی ئەوانە و رێگا بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات یان ئاژاوەگێڕی بکات.
AM:09:04:05/07/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت