عەلی زەیدی رەزامەندی دەربڕی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی چەند ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و چەندین بڕیاری گرنگی لەبارەی دۆسیەی ئەمنی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و مافی ئەفسەران دەرکرد.


لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بریکارانی وەزیر و ئەفسەرە باڵاکانی وەزارەت، عەلی فالح زەیدی پێداچوونەوەی بۆ پلانە ئەمنییەکان کرد و ستایشی هەوڵەکانی کارمەندانی وەزارەتەکەی کرد لە پاراستنی سەقامگیری وڵات، جەختیشی کردەوە کە پێویستە کارمەندانی ناوخۆ بەوپەڕی رێزەوە و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بکەن و لە کارەکانیاندا دوور بن لە هەر جۆرە حزبایەتییەک.

سەرۆک وەزیران دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک داواکارییەکی جەماوەری ناوزەد کرد و رایگەیاند، کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە راونانی گەندەڵکاران بۆ گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیان، وتیشی: "وەزارەتی ناوخۆ دەستی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نابێت هیچ نەرمییەک بەرامبەر کەسانی گەندەڵ بنوێنرێت، هەر لایەنێکیان لە پشت بێت".

هه‌روەها عەلی فالح زەیدی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، موقتەدا سەدر و ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری و هێزە سیاسی و هۆزەکان دەربڕی، کە پاڵپشتی حکومەت دەکەن لە هەڵمەتی پاکتاوکردنی گەندەڵکاران.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە رێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کرا، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رەزامەندی دەربڕی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانەی کە لە پلەی عەمیدەوە بۆ لیوا و لە لیواوە بۆ فەریق بەرزکراونەتەوە، دووپاتیشیکردەوە کە هیچ ئەفسەر و کارمەندێک لە مافە شایستەکانی خۆی بێبەش ناکرێت و هەمووان بەپێی شایستەیی پلەکانیان وەردەگرن.


PM:03:11:04/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت