لە بارودۆخێکی نادیاردا جوتیارێک لە سنووری پردێ بێسەروشوێن بوو
وێستگەنیوز-
لە روداوێکی تەمومژاویدا، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە سنووری شارەدێی پردێ بێسەروشوێن بوو، کەسوکارەکەی و بەرپرسانی ناوچەکەش مەترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجە ناوی (هەردی زەینەڵ)ـە و دانیشتووی گوندی یارمجەیە، ناوبراو بە مەبەستی ئاودانی کێڵگە گەنمەشامییەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی رووی لە گوندی قەزنەفەر کردووە، بەڵام لەو کاتەوە پەیوەندی مۆبایلی پچڕاوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە لەبەردەستدا نییە.
لەو بارەیەوە، مریوان غیدان ساڵەیی، لێپرسراوی هۆبەی کشتوکاڵی پردێ، بێسەروشوێنبوونی ئەو جوتیارەی پشتڕاستکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی سنوورەکە کرد، لە بوونی هەر زانیارییەک لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
کەسوکاری هەردی رایانگەیاندووە، کە دوای بێئومێدبوونیان لە پەیوەندیکردن پێیەوە، دەزگا ئەمنییەکان و سوپای عێراقیان لە روداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، هەرچەندە لە ئێستادا گەڕانێکی فراوان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا هیچ سەرەداوێک لەسەر چارەنووسی ئەو گەنجە نەدۆزراوەتەوە.
ئەم روداوە دڵەڕاوکێی زۆری لای جوتیارانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کەرکوک دروستکردووە، پێشتریش چەندین حاڵەتی رفاندن و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان لە سنووری پردێ تۆمارکراون کە داعش لێی بەرپرسیار بووە.
هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی یان گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتی خۆی لە بێسەروشوێنبوونی هەردی زەینەڵ رانەگەیاندووە، بەڵام شێوازی روداوەکە و شوێنی بێسەروشوێنبوونی، گومانەکان بۆ سەر پاشماوەکانی داعش چڕ دەکەنەوە.
AM:11:41:04/07/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت