بێگەرد تاڵەبانی: عێراق مامەڵەیەکی درووست لەگەڵ هەرێم ناکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە نوێترین دەرکەوتنیدا کۆمەڵێک زانیاری و ئاماری گرنگی سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەروو.
وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، کە بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان بگاتە ملیۆن و نیوێک تۆن، کە لەلایەن 57 هەزار جوتیارەوە بەرهەم دەهێنرێت، بێگەرد تاڵەبانی رەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کە بەغدا مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هەرێم ناکات و تەنیا بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت.
بێگەرد تاڵەبانی ئاشکرای کرد، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی بەپیشەسازیکردنی گەنم چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وتیشی: "دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت گەنمی زیادەی جوتیاران بۆ مەبەستی پیشەسازی دەکڕنەوە"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە لە کابینەی نۆیەمدا رێگرییەکی توند کراوە و رێگە نەدراوە یەک دەنکە گەنمی قاچاخ بچێتە نێو سایلۆکانەوە، هەروەها لە ئێستادا هەرێم توانای کۆگاکردنی ملیۆنێک تۆن گەنمی هەیە.
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە 300 هەزار تۆن گۆشتی مریشک و یەک ملیۆن تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت، راشیگەیاند، کە لەو وەرزانەی پەتاتەی ناوخۆ دەگاتە بازاڕ، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە نادرێت، لە لایەکی دیکەشەوە، مژدەی ئەوەی دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی تەماتە بۆ دەرەوەی وڵات دەکات.
وەزیری کشتوکاڵ دووپاتی کردەوە، کە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی مافی جوتیاران لە کارە لەپێشینەکانیانە و کار دەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بگاتە ئاستی پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و هەناردەکردن.
AM:09:59:04/07/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت