رێكخراوی CPT: سه‌ربازانی توركیا، 6 گه‌نجی شیلادزێ ده‌ستگیرده‌كه‌ن و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن
وێستگه‌نیوز -
تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPTی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه سه‌ربازانی توركیا، شه‌ش گه‌نجی شاره‌دێی شیلادزێ ده‌ستگیرده‌كه‌ن و دوای رۆژێك له ئه‌شكه‌نجه‌دانیان، ڕێگه‌یان ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
كامه‌ران عوسمان له رێكخراوی Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistanی ئه‌مریكی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "سه‌ر له به‌یانی دوێنێ 1ی ته‌مموز، شه‌ش گه‌نجی شاره‌دێی شیلادزێی سه‌ر به قه‌زای ئامێدی، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گژوگیای خۆڕسك رووده‌كه‌نه گونده‌كانی (بێسه‌پێ و كوكه‌رێ) له نزیك چیای كوڕه‌ژارۆ له پشتی شیلادزێ.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له كاتێكدا كه به ڕێگاوه‌ن بۆ ئه‌م گوندانه، گه‌نجه‌كان ده‌كه‌ونه ناو كه‌مینێكی سه‌ربازانی توركیا و ده‌ستگیرده‌كرێن".
كامه‌ران عوسمان ده‌ڵێت: "سه‌ربازانی توركیا به قۆناغی تفه‌نگ و شه‌ق و زلـله له‌و گه‌نجانه ده‌ده‌ن و دوای ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر، ئه‌مڕۆ ڕێگه‌یان ده‌ده‌ن كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه".
باسی له‌وه‌شكردووه كه سه‌ربازه توركه‌كان به گه‌نجه‌كانیان وتووه "ئه‌گه‌ر جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌م شوێنه ئه‌وا ژیان به چاوی خۆتان نابیننه‌وه و ده‌تان كوژین”.
ئاشكراشیكردووه كه "هه‌ر له‌م ڕووداوه‌دا، سه‌ربازانی توركیا به قۆناغی تفه‌گ و به‌رد ئازاری ئه‌و ئێستره‌ش ده‌ده‌ن كه گه‌نجه‌كان بۆ بارلێنان و ئاسانكاری له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردبوویان. سه‌ر له‌به‌ری جه‌سته‌ی ئێستره‌كه خه‌ڵتانی خوێنكراوه".
شاره‌دێی شیلادزێ، یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی كه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه. سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی گیا خۆڕسكه‌كان و جوتیارییه. تاوه‌كو ئێستا 92 گوندی سنوری ئه‌و شاره‌دێیه له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه داگیركراون و خه‌ڵكه‌كه‌ی ناتوانن بچنه‌وه گونده‌كانییان.
PM:02:59:02/07/2026
ئه‌م بابه‌ته 316
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت