هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم دەستیپێکردووە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، هەنگاوەکان بەردەوامە بۆ گواستنەوەی دۆسیەیی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێم بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەموزی 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە دوای سەردانیکردنمان بۆلای عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی گواستنەوەی دۆسیەیی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بۆیان، سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو بارەیەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە و گیراوانی سیاسیش 250 هەزارە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانیانی سیاسیی عێراق، زیندانیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
لەبارەی ئەو زیندانە سیاسییانەی تاوەکە ئێستا مووچەیان نییە ئەحمەد مام رەسوڵ وتی، "ئەو زیندانە سیاسییانە دۆسیەیان رادەست کردووە، بەڵام تائێستا دۆسیەکانیان پشتڕاست نەکراوەتەوە".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شەهیدان، 25 هەزار و 868 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون، 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.
PM:02:39:01/07/2026
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت