عەبدولرەحمان جەزائیری: دوو پەرلەمانتاری کورد لە لیستی گەندەڵیدان و دەستگیر دەکرێن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی هۆزایەتی و سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ میدیای رووداو، چەند زانیارییەکی هەستیاری لەبارەی هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ئاشکرا کرد.
جەزائیری رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی گەندەڵیدا دەستگیر دەکرێن، کە یەکێکیان نیشتەجێی سلێمانییە و ئەوی دیکەیان لە دهۆکە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمانتارەکەی سلێمانی بڕێکی زۆر پارەی لەسەر هەژمارە بانکییەکانی هەیە.
ئەو سەرکردە سەربازییە وتیشی: "هەڵمەتەکە زۆر فراوانە و تەنها لەم رۆژانەدا 64 کەسی دیکە دەستگیر دەکرێن، کە لە نێویاندا سێ بەرپرسی زۆر باڵای عێراق هەن"، رونیشیکردەوە کە تا ئێستا 14 پەرلەمانتار و دوو بریکاری وەزیر دەستگیرکراون و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
بەپێی وتەی جەزائیری، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق مەبەستییەتی پێش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن ئەم هەڵمەتە ئەنجام بدات و گەندەڵکاران رووبەروی دادگا بکاتەوە، ئاشکراشی کرد کە تیمێکی ئەمریکی لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی داواکراوەکاندا بەشدار دەبن و داواش دەکرێت سەرجەم تۆمەتبارەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا دادگایی بکرێن.
ئەم جموجوڵە نوێیەی بەغدا لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەڵمەتەکە دەستپێ بکات و چەندین کەسایەتی گەورە و بەرپرسی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر بکرێن.
PM:02:24:30/06/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت