ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بۆ عەلی زەیدی: هەنگاوەکانتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە


وێستگەنیوز –

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە دژی گەندەڵی دەربڕی و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە بوێرانەی نراون، رێگەیەکە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستپاکی و دادپەروەری.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە: "بە پێزانین و شانازییەوە دەڕوانینە ئەو هەنگاوە بوێرانەی کابینەکەتان لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاراندا دەستی پێکردووە، چونکە ئەمە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کاروانی چاکسازی و گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت دادەنرێت".

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە وڵات بەدەست ئەو کەسانەوە دەناڵێنێت کە سامانی گشتی و پۆستە حکومییەکانیان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی حزبی بەکاردەهێنن.

لە پەیامەکەیدا سەڵاحەدین بەهائەدین جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵمەتەدا سەروەریی یاسا و سەلامەتیی دەسەڵاتی دادوەری بپارێزرێت و دادپەروەری لە راوەدوونانی گەندەڵکاراندا جێبەجێ بکرێت، لە هەمان کاتدا پەرۆشی پاراستنی مافی ئەو کەسانە بن کە رەنگە بێتاوان بن و بەبێ بەڵگەی پێویست روبەروی تۆمەت ببنەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران و هەموو دڵسۆزان خواست، لە پێناو گەیشتن بە عێراقێکی سەقامگیر و گەشەسەندوو کە دوور بێت لە گەندەڵی.


PM:01:51:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو