یەکگرتوو، هەڵوێست و کۆمەڵ: بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو ستەمەی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، هەرسێ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر گرانیی نرخی بەنزین، غاز و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی بەغدا کرد.


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕوکێنیان بەسەردا سەپێنراوە کە ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە، فراکسیۆنەکان جەختیان کردەوە کە بێدەنگ نابن لە ئاست ئەم ستەم و نادادییەی بەرانبەر بە کاسبکاران و شۆفێران و سەرجەم چینەکان دەکرێت.

ئەو سێ فراکسیۆنە کوردستانییە لە بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە حکومەتی کاربەڕێکەر و بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە و بوونی قۆرخکاری لە بازاڕی سووتەمەنیدا ناوبرد و ئاماژەیان بەوە دا کە نەبوونی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکاندا، زیانەکەی تەنها بۆ هاوڵاتیانە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان، فراکسیۆنەکان رایانگەیاند، "لە رێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی وەزارەتی نەوت، هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرینە بەر بۆ رێگریکردن لەم قۆرخکارییە"، هەروەها داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە، بەپێی بنەماکانی دەستوور، پشکی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لە بەنزینی کوالێتی بەرز بە نرخی پاڵپشتیکراوی 450 دیناری زیاد بکەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو، کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست بەڵێنیان بە هاونیشتمانیان داوەو دەڵێن: "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و سوککردنی بارگرانییە ئابوورییەکانی سەر شانی خەڵک".


AM:11:27:27/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو