د.ئاسۆ فەرەیدون: گەڕانەوەی بنەمای دیموکراسی و جێگیربوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبژێری بناغەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی هەموو دامەزراوەکانە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، د. ئاسۆ فەرەیدون، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەکاديميانی کوردستان رایگەیاند، "گەڕانەوەی بنەمای دیموکراسی و جێگیربوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبژێری، بناغەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی هەموو دامەزراوەکانە، لە پێناو دامەزراوەیەکی چالاکترو سەربەخۆ و کاریگـەر".


ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆمەڵەکە بە ناوەند و جێگەیەکی گشتی بۆ هەموو ئەکادیمیانی زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەنرا، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی *داع*ش و دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا، لەگەڵ نەبوونی پاڵپشتی دارایی و دواکەوتنی هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا، وایان کرد چالاکییە بەردەوامەکانی کۆمەڵە کەمتر ببنەوە".

د. ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت، "هەر بۆ ئەو مەبەستە و لە خەمخۆری و دڵسۆزیی ئێمە بۆ کۆمەڵەکەمان، چەندین جار داواکاریمان کرد کە پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان ئەنجام بدرێت ، دوایین جار ئەم داواکارییە لە ساڵانی 2022 و 2023 پێشکەش کرا، بەڵام تا ئێستاش ئەو پرۆسەیە جێبەجێ نەکرا".

دەشڵێت، "ئەم دۆخە تەنها تایبەت بە کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی پاشەکشەیەکی گشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناو کۆمەڵە و سەندیکا و دامەزراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت".

دەقی راگەیەندراوەکەی د.ئاسۆ فەرەیدون:

بەرێزان، ئەندامانی کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان،
سڵاو و ڕێزم بۆ هەموو لایەک...

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ، بە تایبەتی لە ٢٨/٤/٢٠١٣ ئێمە وەک سەرۆک و ئەندامی دەستەی کارگێریی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان دەست بەکاربووین ، چالاکییەکانی کۆمەڵە هەردەم بەردەوام بوون . چالاکیەکان هەر لە ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە زانستی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێکرد ، تا ڕێکخستنی دیبەیت و چاپکردنی گۆڤار، کە هەریەکەیان بەشێکن لە خەرمانی کار و دەستکەوتەکانی کۆمەڵەکە لەو ماوەیەدا.

کۆمەڵەکە بە ناوەند و جێگەیەکی گشتی بۆ هەموو ئەکادیمیانی زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەنرا ، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی *داع*ش و دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا ، لەگەڵ نەبوونی پاڵپشتی دارایی و دواکەوتنی هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ، وایان کرد چالاکییە بەردەوامەکانی کۆمەڵە کەمتر ببنەوە.

هەر بۆ ئەو مەبەستە و لە خەمخۆری و دڵسۆزیی ئێمە بۆ کۆمەڵەکەمان ، چەندین جار داواکاریمان کرد کە پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان ئەنجام بدرێت ، دوایین جار ئەم داواکارییە لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ پێشکەش کرا ، بەڵام تا ئێستاش ئەو پرۆسەیە جێبەجێ نەکرا ، لە بارودۆخێکدا کە نزیکەی ١٠ ساڵە ئەو پرۆسەیە لە کۆمەڵەکەدا ئەنجام نەدراوە ، کە بەپێی پەیڕەو و ڕێساکانی کۆمەڵەکەمان ، دەبوو هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی ئاسایی ئەنجام بدرێت.

ئەم دۆخە تەنها تایبەت بە کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان نییە ، بەڵکو لە چوارچێوەی پاشەکشەیەکی گشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناو کۆمەڵە و سەندیکا و دامەزراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت ، وەک بەشێک لەو پاشەکشەیەی کە لە پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەدی دەکرێت ، ئەمەش بە ڕوونی لە چەندین نموونەدا ڕەنگی داوەتەوە ، کە دیارترینیان پەرلەمانی کوردستانە ، لە کاتێکدا نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانیدا تێپەڕیوە ، تا ئێستا کۆبوونەوەی یاسایی و فەرمیی پەرلەمان لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە.

ئێمە وەک سەرۆک و ئەندامی دەستەی کارگێریی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان ، خۆمان بە ئەندامی دڵسۆز و خەمخۆری ئەم کۆمەڵەیە دەزانین و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی و هاوکاری سەرخستنی کۆمەڵەکە و کۆنگرەکەی دەکەین . هەروەها ئومێد دەکەین هەموو لایەک بە سەرکەوتوویی و سەرفرازی بەردەوام بن و کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان بتوانێت جارێکی تر شوێنی شایستەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستاندا بگرێتەوە.


PM:04:24:25/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت