ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ ناتۆ رادەکێشێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، هێرشێکی توندی کردە سەر هاوپەیمانی ناتۆ و هەریەکە لە وڵاتانی ئیتاڵیا و رۆمانیای بە تێوەگلان لە تاوانی جەنگی دژی گەلی ئێران تۆمەتبار کرد.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای لێدوانەکانی مارک روتە، سکرتێری گشتی ناتۆ دێت کە رایگەیاندبوو فڕۆکە ئەمریکییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی حەماسدا، فڕۆکەخانەکانی ئیتاڵیا و رۆمانیایان بەکارهێناوە بۆ فڕین بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەقایی ئەو لێدوانانەی بە دانپێدانانێکی ئاشکرا و شەرمەزارکەر ناوبرد بۆ بەشداریکردنی ناتۆ لە جەنگێکی نایاساییدا دژی وڵاتێکی سەربەخۆ و داوای لێپرسینەوەی لەو وڵاتانە کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت رۆما و بوخارێست بۆ گەلانی خۆیان و جیهانی روون بکەنەوە، بۆچی بڕیاریان داوە بەشداری بکەن لە ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان لە شارەکانی (تاران، ئەسفەهان، سنە، هەمەدان، تەورێز، شیراز، میناب، لامەرد و بەندەر عەباس). ئەمە لە کاتێکدایە ئیتاڵیا رایگەیاندووە تەنها رێگەی بە فڕۆکە لۆجیستییەکان داوە، نەک ئەوانەی بەشداری هێرشەکانیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە و لە پێشهاتێکی جیاوازدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ تاران واژۆ کردووە کە کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت، ترەمپ وتی: "ئەمریکا شتێکی بەدەستهێناوە کە هیچ سەرۆکێکی پێشوو نەیتوانیوە بیکات، گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەتەوە و ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئەم رێککەوتنە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و ناوچەکە لە لێواری ئاشتییەکی بەردەوامدایە.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەر کەشتییەک بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، دەبێت پابەندی ئەو رێڕەوانە بێت کە تاران دیارییان دەکات و هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ هێزەکانی ئەوان ناچارییە، بە پێچەوانەوە رێکاری توندیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
AM:09:51:25/06/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت